بە گوێرەی پێناسەیەکی کۆمەڵناسانە، دەکرێ بە راشکاوییە بڵێین کە ئێمە دیاردەیەکمان بە ناوی جووڵانەوەی ژنانی کورد لە ئێراندا نییە. ژنانی کورد بەشێکن لە جووڵانەوەی ژنانی ئێران و پێوەندی ئەوان و ناوەرۆکی چالاکییەکانیان، زیاتر بە جووڵانەوەی ژنانی ئێران و ویست و داواکارییەکانی ئەوانەوە گرێ دراوە تا بە جووڵانەوەی نەتەوەیی. هۆکاری سەرەکی ئەم گرێدراوییەش دەگەڕێتەوە بۆ ناوەرۆکی ویستی ئێمڕۆی ژنان لە پاشخانی کۆمەڵگای ئێراندا. داواکاری ژنان لە ئێران لەوان ژنە کوردەکان، بەر لە هەموو شتێک، پێوەندی بە پێناسەی ژن و جێگە ومافەکانی ئەوان لە یاسا، جیاکاری یاسایی لە دژی ئەوان و، نۆرم و یاساکانی ژیانی رۆژانەی ژنانەوە هەیە. ئەم ویستانە نە لە خانەی تێڕوانینی هێزە سیاسییەکانی پیاوسالار و تێگەیشتنی ئەوان لە "سیاسەت" دەگونجێ و نە لە تێڕوانینی ناسیۆنالیزمی کورد لە سیاسەت و خەبات. رۆژەڤی سیاسی ژنان بە مانایەک شوێنێکی جددی لە گووتاری سیاسی هێزەکانی سیاسیدا نییە.
جووڵانەوەی ژنانی ئێران، خۆی سەرەڕای پاشخانێکی مێژوویی دوورودرێژ، دیاردەیەکی نوێیە و لە نەوەدەکاندا سەری هەڵداوە. لەم ماوە کورتەدا، ئەم جووڵانەوەیە لە قۆناغی داواکاری زیاتر حقوقییەوە بۆ خانەی داواکاری زۆر خویاتری سیاسی گوازتراوەتەوە. ئەم داواکارییە سیاسییە تا رادەیەکی زۆر لەگەڵ تێگەیشتن و راڤەیەکی تایبەت لە "جیاوازی" لای فێمینیستەکانی شەپۆلی سێێەم، سەرچاوەی گرتووە. ئەم گۆڕانە لە کوردستاندا دوو ئەنجامی لێکەوتەوە: لە لایەکەوە جموجۆڵی ژنان ناوەرۆکێکی نەتەوەییتری بەخۆیەوە گرت و، لە لایەکی دیکەشەوە، هەر بەم هۆیەوە، کەوتە بەر سەرکووتێکی تووندتری رژێم و لە ئەنجامدا، تووشی کپبوونەوەیەکی کاتیی هات.
ژنان هەم پێش و هەمیش دوای شۆڕشی ٥٧، ئەزموونی تاکمانەوە و پشتگوێخرانی داواکارییەکانیان بەتاقی کردەوە. هەموو هێزەکانی سیاسی بە چەپ و ڕاستەوە، پرسی ژنان و یەکەم هێرشی دژی دێمۆکراتیکی حکومەتی نوێیان، کە هێرش بوو بە مافی ژنان لەوان بۆ ئیجباریکردنی حیجاب، بە کەم گرت و لە کردەوەدا، هەموو هێزەکان بە چەپ و راستەوە، بە ئیسلامی و ناسیۆنالیستەوە، لە ئاست ئەم هەنگاوەدا، بێدەنگیان هەڵبژارد. خاسلەتی گشتی هێزە سیاسییەکان و گووتاری زاڵ بەسەر جووڵانەوەکاندا، لەوان جووڵانەوەی ناسیۆنالیستی، لەم قۆناغەدا، گووتارێکی پوپولیستی، پیاوسالارانە و تووندوتیژمەندانە بووە. لە دوای شۆڕش تا ناوەراستەکانی دەیەی نەوەد، ژنان فرسەت و مەیدانی کارییان لە بواری گشتی و لە شەقامەکاندا نەبوو. دوای کۆتایی شەری نێوان ئیران و عێراق، بەرە بەرە فرسەتێکی نوێ خوڵقا و بۆ یەکەم جار جووڵانەوەیەکی نوێی سەربەخۆی ژنان لە ئێران و لە کوردستاندا سەری هەڵدا. ئەم جووڵانەوەیە یەکێ لەو ماکە سەرەکییانە بوو کە هەم لە هەندێ بواری گرینگدا، پاشەکشەی بە کۆماری ئیسلامی کرد و هەمیش، یارمەتیدەری سازدان و بەهێزترکردنی بنەماکانی کۆمەڵگایەکی مەدەنی بوو. ئەم جووڵانەوەیە لە لایەکەوە بە هەندێ ویستەوە هاتە مەیدان کە لە باری مێژووییەوە، زیاتر پێوەندی بە شەپۆلی یەکەمی فێمینیزمەوە هەیە و لە لایەکیشەوە، زۆر بە خێرایی ناوەرۆک و فۆرمی داواکارییەکانی گۆڕانی بەسەردا هات و کەوتە بەشێک لەو جووڵانەوە فێمینیستییەی بە شەپۆلی سێیەم ناوی دەرکراوە. لەم روویەوە بەتایبەت ئەمرازی خەبات و شێوەی رێکخراوەیی و ڕوانینی جووڵانەوەی ژنان بە دەسەڵات، لەم شەپۆلە نوێیە ئیلهامی وەرگرتووە.
لەم دواییانەدا و لەو جووڵانەوەیەی بە سەوز ناسراوە، ژنان بۆ یەکەمجار بە ریزی سەربەخۆی خۆیانەوە بەشدارییان کردووە و بەشێکی گرینگی ئەم جووڵانەوەیەش پێکدێنن. بەڵام تا ئێستا بەداخەوە، ویست و ئەجێنداکانی ژنان، کێشێکی تایبەتی لە پلاتفۆرمە گەڵاڵەکراوەکانی هێزە جیاوازەکان و بەیانە سیاسییەکانی سەوزەکاندا نەبووە. ئاماژە بە مافی ژنان، تا ئێستا فۆرمێکی رووکەشی هەبووە و زیاتر لە رێتۆریێکی بەتاڵی سیاسی دەچێت تا داواکارییەکی رڕەسەن و هەڵقووڵیو لە باوەڕە سیاسییەکان.
ئەگەرچی جووڵانەوەی سەوز لە زۆر رووەوە، لەوان هەم وەک پێکهاتە، هەم وەک هەڵبژاردەی تاکتیکی و هەمیش شێوەی ڕێکخراوەیی ناکرێ لە جووڵانەوەی ژنان جیا بکرێتەوە و بگرە زۆر جاران سەرچاوەی ئیلهامیان جووڵانەوەی ژنان بووە، بەڵام لە ئاستی ئەجێندای سیاسی ئەم جووڵانەوەیە تا ئێستا نەیتوانیوە، ویست و پلاتفۆرمی ژنانی سەربەخۆ گەڵاڵە بکات. هەمان گرفت رووبەرووی ژنانی کوردە لە بەرانبەر جووڵانەوەی ناسیۆنالیستیدا. بەم جیاوازییە کە لە جووڵانەوەی ناسیۆنالیستیدا، مافی ژنان و ئاماژە بەم مافانە هەمیشە لە ئاستی رێتۆریک و درووشمی سیاسیدا ئامادەییان هەبووە، بەڵام لە ئاستی کردەوەییدا، ئەم هێزانەش ماملەیان لەگەڵ پرسی ژن، ماملەیەی زڕانە بووە.
شهماڵ کاوه
ههشتی مارسی 2010- سوئێد



